: وانەیەک
عەبدوڵا تۆفیق⁄ ڕاھێنەری دەروونی
سوید
ئەم ڕوداوەی ئەڵمانیای ھەفتەی ڕابردوو کە کوردێک بە قارەمان ناوی برا، ئەو ڕووداوەی بەبیر ھێنامەوە کە لە ساڵی ١٩٩٥ لە سوید ڕوویدا.
ڕووداوەکەی سوید بەم جۆرە بوو:
کوڕێکی کورد پێم وایە ھەولێری بوو، بەناوی بەختیار، لە دوکانێکی زەرەنگەر لە ستۆکھۆڵم کاری دەکرد. بەختیار نیوەڕۆیەک بەتەنھا لە دوکانەکە دەبێ و چەند دزێک ھەڵئەکوتنە سەر دوکانەکەو بڕێک ئاڵتون و پارە دەدزن. کاتێک دزەکان دەیانەوێ بچنە ناو سەیارەکەیانەوە پێش ئەوەی پۆلیس بگاتە ئەوێ، بەختیار ڕادەکات بۆیان و دەمانجە لە یەکێکیان دەسێنێت. بەو دەمانچەیە تەقە لە یەکێکیان دەکات و قاچی بریندار دەکات و دەکەوێ. کاتێ پۆلیس دەگاتە ئەوێ پۆلیس دزەکەو بەختیاریش دەخەنە بەندینخانەوە. بەختیار نزیکەی ١ ساڵ بەندکرا.
کاتێ بەختیار لە بەندینخانە ھاتەدەرەوە لەیەکێ لە کەناڵە باشەکانی سوید( کەناڵی ٤) چاوپێکەوتنێکیم بینی. ئەوەندەی بیرم بێ بەختیار ووتی کە ئەو لە کوردستان پێشمەرگە بووە و کەسێکی بوێرە، ئەو بەرەو ڕووبوونەوەشی بۆیە کردووە وایزانیوە کە وڵاتی سوید خەڵاتی جوامێری و سوپاسی دەکەن.
لە وڵاتی سوید مرۆڤ فێرناکەن بەرەو ڕووی ئەو جۆرە کێشانە ببێتەوە، بەڵکو بەجێی بھێڵێ بۆ پۆلیس و یاسا.
زۆر یاسای تایبەت ھەیە کە دەبێ ھاوڵاتی ھەر وڵاتێک بزانێ کە کەی دەتوانێ ڕووبەڕووی ببێتەوە، ئەگینا کار لەکار دەترازێ و زۆر خراپیش بەسەریدا دەشکێتەوە.
با ئەم ئازایەتیەی کوڕە کوردەکەی ھەندەران نەبێتە ھاندان بۆ زۆرێکیتر کە لەوانەیە زۆرشتی ژیانیان لەدەست بدەن بەھۆیەوە. بەداخەوە ئازایەتی ناخوات کاتێ یاسا سەروەربێ.